ئەرکەکانی ڕیکسداگ

ڕیکسداگ بەرزترین ئەنجومەنى/مەجلیسی بڕیاردەرە لە سوید. هەر چوار ساڵ جارێک گەلی سوید هەڵیدەبژێرێت کە کام 349 کەس نوێنەرایەتیان دەکەن لە ڕیکسداگدا. ئەوانەی لە ڕیکسداگ دادەنیشن پێیان دەوترێت ئەندام (لێداموتێر ـ ledamöter).

بڕیار لەسەر یاساکان و بودجەی دەوڵەت دەدات

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ڕیکسداگ بڕیاردان لەسەر یاساکانە. پێشنیارەکانی یاسادانان بەزۆری لە حکومەتەوە دێن، بەڵام دەتوانن لە ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی ڕیکسداگەوە بێت. هەموو پڕۆژە یاساکان لە لیژنەکانی ڕیکسداگ ئامادە دەکرێن پێش ئەوەی ڕیکسداگ لە ژوورەکەدا/هۆڵى دانیشتنەکان دەنگیان لەسەر بدات.

هەروەها ڕیکسداگ بڕیار لەسەر خەرجی و داهاتی دەولەتکە و لە بودجەی دەولەتکەدا دەدات. ڕیکسداگ ئەمە دەکات دوای ئەوەی حکومەت پڕۆژە یاسای بودجەی لەگەڵ پێشنیارەکانی پێشکەش کرد کە چۆن دەبێت پارەی دەوڵەت بەکاربهێنرێت.

کۆنتڕۆڵی حکومەت دەکات

ئەرکێکی دیکەی ڕیکسداگ ئەوەیە کە کۆنتڕۆڵی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارەکانی حکومەت بکات. ئەندامان دەتوانن پرسیار لە وەزیرەکانی ناو حکومەت بکەن. لیژنەی دەستووری ڕیکسداگ، (کونستیتوشونسئوتسکوتێت ـ KU)، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە حکومەت پەیڕەوی لە یاساکان دەکات. ئەگەر ڕیکسداگ متمانەی بە سەرۆکوەزیران یان وەزیرێکی دیکە نەبێت، ئەوا ڕیکسداگ دەتوانێت دەنگ لەسەر پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرەکە بدات.

لەگەڵ پرسەکانی یەکێتی ئەوروپا کاردەکات

ڕیکسداگ لەگەڵ پرسەکانی یەکێتی ئەوروپا کاردەکات. حکومەت دەبێت لەگەڵ ڕیکسداگ ڕاوێژ بکات سەبارەت بەوەی کە سوید لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا کام هێڵ پەیڕەو بکات. جگە لەوەش زۆرێک لەو پێشنیازانە کە ڕیکسداگ بڕیاری لەسەر دەدات لە بنەڕەتدا لە یەکێتی ئەوروپا هاتووە.

ڕیکسداگ لەگەڵ حکومەتدا لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی سویدیشدا بەشدارن.